هاووڵاتییەکی شنۆیی بە برینداری گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ئورمیه

٣ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ٠٢:٣٥
هەنگاو:  هاووڵاتییەکی خەڵكی شنۆ، کە له‌لایەن هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، ڕەوانەی بەندیخانەی ئورمیه کرا. بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، لەماوەی رۆژانی رابردوودا حاسڵ عەزیزی، هاووڵاتیی کوردی خەڵكی گوندی "قەرە سەقەڵ"ی شنۆ، پاش ئەوەی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا، بەهۆی ئەشکەنجەی لەڕادەبەدەرەوە بە توندی بریندار ببوو. گوێزراوەتەوە بۆ بەندیخانەی شاری ئورمیە. دەگوترێ حاسڵ عزیزی، کە چوار مانگ پێش ئێستا دەستبەسەر کرابوو، لە زیندانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران تووشی برینداریی قووڵی جەستەیی و خوێن‌بەربوونی ناو سک و ریخۆڵە بووە. ئەو هاووڵاتییە کوردە، بەهۆی برینەکانییەوە گوازرابوویەوە بۆ نەخۆشخانە و لەو ماوەیەدا بە توندی لەژێر چاوەدێریی هێزە ئیتلاعاتییەکاندا بوو. ناوبراو کە هاوڕێ لەگەڵ دوو کەسی دیکەی خەڵکی قەرەسەقەڵ بە ناوەکانی کەماڵ و جەماڵ مەسرووری دەستبەسەر کرابوو، بە هاوکاریی حیزبە کوردییەکان تۆمەتبار و ڕەوانەی زیندانی ئورمیه کراون. گوندی قەرەسەقەڵ، لە جۆزەردانی ئەمساڵدا بەهۆی تێکهەڵچوونی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسداران، تووشی خه‌سارێكی لەڕادەبەدەر هاتبوو. دوابەدوای ئەو تێکهەڵچوونە نزیک بە ٥٠ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی ئەشکەنجەگاکان کراون.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە