٤ بەندکراوی کورد ٧٦ ساڵه‌ به‌ بێ مافی مرەخەسی لە زیندانی رەجایی شار راگیراون

٣ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ١٣:٠١
هەنگاو: چوار بەندکراوی سیاسیی کورد ماوەی ٧٦ ساڵە بە بێ هەبوونی مافی مرەخەسی لە بەندیخانەکانی رێژیمی ئێران راگیراون. بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، رێژیمی ئێران چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بۆ ماوەی ٧٦ ساڵە لە بەندیخانەی رەجایی شاری کەرەج تەنانەت بە بێ یەک رۆژ مرەخەسیش راگرتووە. محەممەد نەزەری کوڕی حەمدوڵڵا و لەدایکبووی ١٣٥٠ی هەتاوی ، ساڵی ١٣٧٣ ی هەتاوی لەبۆکان بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەل یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزێسیۆنی رێژیمی ئێران دەستبەسەر و زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا. ئەو بەندکراوە کوردە لەژێر ئەشکەنجە ناچار بە دانپێدانان کراو و لە دادگایەکی ڕواڵەتیدا سزای زیندانی هەتاهەتایی به‌سه‌ردا سه‌پا، سەرەڕای نالەباریی دۆخی جەستەیی ئەو بەندکراوە کوردە لەماوەی ٢٣ ساڵی ڕابردوودا لە خزمەتگوزاریی پزیشکیش بێبەش کراوە. هەروەها، کەریم مەعرووف عەزیز بەندکراوی خەڵکی باشووری کوردستان، ٢٠ ساڵە لە بەندیخانە جۆراوجۆرەکانی ئێران راگیراوە. ناوبراو سەرەڕای هەبوونی نەخۆشیی شەکرە و زەختی خوێن لە نەخۆشیی دڵیش ئازار دەکێشێت. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، عومەر فەقی‌پوور  یەکێکی دیکە لەو بەندکراوە کوردانەیە کە سالی ١٣٧٨ی هەتاوی بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی ئاسایشی وڵات" و "دژایەتیی خودا" لەرێگای ئەندامەتی لە حیزبی دێمۆکرات لە دادگای شۆرشی مەهاباد سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا، ئەو سزایە دواتر و لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ سزای زیندانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە. ناوبراو لەو ماوەیەدا لەمافی وەرگرتنی مرەخەسی بێبەش بووە. لەڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە خالید فەریدوونی خەرمانانی ١٣٧٩ دەستبەسەر و بەتۆمەتی "هەوڵدان دژی ئاسایشی وڵات" و  "دژایەتیی خودا" لەریگای ئەندامەتی حیزبی دیمۆکراتەوە هەر وەک عومەر فەقی‌پوور سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە و دواتر بۆ زیندانی هەتاهەتایی کەم کراوەتەوە. ئەو ٤ بەندکراوە کوردە کە لە رەجایی شاری کەرەج راگیراون، لەسەریەک ٧٦ ساڵە مرەخەسییان پێ نەدراوە و تەنانەت لە مافی مرەخەسی دەرمانیش بێبەش کراون.  

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە