بەپرسێکی نیزامیی ئێران: کوژرانی کۆڵبەرانی کورد درۆیە!

٤ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ١٢:٥٩
هەنگاو: وتەبێژی هێزە ئینتزامییەکانی ئێران (ناجا)، کوژرانی کوڵبەرانی کوردی لەساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی بە پروپاگەندە و درۆی میدیا بیانییەکان ناوبرد. بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، سەردار سەید مونتەزرولمەهدی وتەبێژی ناجا کوژرانی کۆڵبەرانی کوردی بە دەنگۆ ناو بردووە و رایگەیاندووە کە لەساڵی ٩٤ی هەتاوی کوژرانی هیچ کۆڵبەریکی کورد پشتڕاست نەکراوەتەوە. میدیاکانی نزیک لە ڕێژیم وێڕای بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵ لە زمانی ناوبراوەوە رایانگەیاندووە: "میدیا بیانییەکان رایانگەیاندووە لەساڵی ٩٤ چەندین کۆڵبەر لە سنوورەکانی رۆژئاوای ئێران (کوردستان) کوژراون، ئەمە درۆیە و هاوکات ئێمە هەوڵمان داوە هاتووچۆی کۆڵبەران لە ڕێگا یاساییەکانەوە رێکبخەین کە دەرخەری گرینگی دانی ئێمەیە بە هەژارانی کۆمەڵگا". وتەکانی ئەو بەرپرسە پلە بەرزەی هێزە ئینتزامییەکانی ئێران لە حاڵێکدایە کە بەپێی راپۆرتێک کە پێشتر ئاژانسی هەواڵدەرێی کوردپا بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاویدا ٢٩ کۆڵبەری کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێران گیانیان لە دەست داوە و ٢٩ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.  

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە