خەلیل ڕەزایی ٦٠ مانگ به‌ بێ مافی مرەخەسی لە بەندیخانەی کاروون

٤ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ٢٠:١٩
هەنگاو:  بەندکراوێکی سیاسیی کورد کە بە ٩ ساڵ به‌ندكران سزا دراوە، پێنج ساڵە کە بەبێ مافی مرەخەسی لە بەندیخانە راگیراوە. بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، خەلیل ڕەزایی بەندکراوی سیاسیی کورد کە لە بەندیخانەی کاروونی ئەهواز راگیراوە، ماوەی ٦٠ مانگە لە مافی مرەخەسی و بینینی خێزانەکەی بێبەش کراوە. بەپێی راپۆرتێک کە ماڵپەڕی "مرۆڤایەتی" بڵاوی کردووەتەوە، خەلیل رەزایی سزای ٩ ساڵ به‌ندكرانی به‌سەردا سەپاوە و لە  ماوەی ئەو ٥ ساڵەدا لە مافە سەرەتاییەکانی خۆی بێبەش کراوە. خەلیل ڕەزایی بەندکراوی سیاسیی کورد کە ٤٤ ساڵ تەمەنیەتی و خەڵکی شاری سەقزە، بانەمەڕی ١٣٩١ی هەتاوە لەلایەن هیزە ئەمنیەتییەکانی رێژمی ئیرانەوە دەستبەسەر و پاش چەند مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز بۆ بەندیخانەی کاروون دوور خرایەوە. بێبەش کرانی ئەو بەندکراوە کوردە لەمافی مرەخەسی و چاوپێكه‌وتنی خێزانەکەی لەکاتێکدایە کە بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو بەندکراوە ناوبراو تووشی نەخۆشیی گەدە بووە و له‌ چارەسەری پزیشکیش بێبەش کراوە. خەلیل رەزایی لە دادگادا پارەێزەرێکی رێژیمی بۆ دیاری کرابوو کە هیچ بەرگیرییەکی لێ نەکرد و تا ئێستاش لە بەندی بەندکراوانی پەیوەندیدار بە كوشتن و ماددە هۆشبەرەکان راگیراوە.    

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە