ئورمیه‌.. درێژه‌كێشانی ئه‌شكه‌نجه‌ی ٤ هاووڵاتی

٥ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ٠٢:٣٤
هەنگاو: دوای تێپەڕبوونی نزیک بە مانگێک، چوار کەس لە دەستبەسەر کراوانی مەزهەبیی مانگی ڕەزبەری شاری بۆکان، لە ژێر ئەشکەنجەدان. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەر، دەیان هاووڵاتیی شاری بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کران و دواتر بە دانانی بارمتە چەند کەسیان ئازاد کران، هەنووکە ٤ کەس لەوان لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ئورمیە ڕاگیراون. هەواڵنێری هەنگاو لە شاری بۆکان ڕایگەیاندووە دۆخی تەندروستیی ئەو ٤ کەسە بەناوەکانی "عەبدولغەفوور ئاسەوار، یەعقوب نوورە، کەماڵ عەلی ئەقدەم و هەژار فارۆقی"  کە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ئورمیەدان، زۆر ناجێگیرە. هەروەها بەپێی هەواڵی بڵاو کراوی ماڵپەری هێرانا، خزمی یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکان ڕایگەیاندووە، ئەو چوار کەسە لە دۆخێکی خراپدا بەسەر دەبن و رۆژانە لەژێر ئەشکنجەدان و تەنانەت لە پەیوەندیی تەلەفۆنیش لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون. ماڵپەڕی مافی مرۆڤی "هەنگاو" پێشتر ناسنامەی ١٤ کەس لەو دەستبەسەرکراوانەی بڵاو کردوەتەوە، بەڵام هەواڵەکان باس لە گیرانی زیاتر لە ٤٠ کەس دەکەن.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە