بێبەش بوونی مامۆستایەکی بەندکراوی کورد لە مرەخەسی

٥ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ١٣:٥٠
هەنگاو: بەرپرسانی بەندیخانەی شاری سنە پێش بە چوونە مرەخەسیی مامۆستایەکی بەندکراو دەگرن. بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، بەرپرسانی دەزگای دادوەری و هەروەها بەندیخانەی شاری سنە داوای وەرگرتنی مافی مرەخەسیی مامۆستایەکی بەندکراوی کوردیان بەناوی "عەلی حوسین‌پەناهی" رەتکردووەتەوە. لە ڕاپۆرتێکدا کە "ناوەندی داکۆکی کردنی مافەکانی مرۆڤی کوردستان" بڵاوی کردووەتەوە، هاتووە کە بەرپرسانی بەندیخانە بەبێ هیچ هۆکارێک ئەو داوایەیان رەتکردووەتەوە. یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی حوسێن پەناهی، هەواڵی ئەشکەنجە و ئازاری ناوبراوی پشتڕاست کردووەتەوە و گوتوویە عەلی حوسێن پەناهی لە ماوەی دەستبەسەر کردنیدا ئەشکەنجە دراوە. ئەو مامۆستایەی خەڵکی دێولان، رۆژی پێنج‌شەممە ١٩ی خەرمانانی ١٣٩٤ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا. عەلی حوسێن پەناهی دواتر لە دادگای شۆڕشی شاری سنە بە تۆمەتی "بێرێزی بە عەلی خامنەیی ڕێبەری رێژیمی ئێران" و "پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزێسیۆنی ئێران" سزای ٦ ساڵ و ١ رۆژ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. ئەو مامۆستا کوردە لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا کە لە شارەدێی "قروچای" دێولان بەڕێوەی بردبوو، داوای لە خەڵک کردبوو "لەهەمبەر هەڵاواردنی بەرپرسانی رێژیم لە کوردستان" بێدەنگ نەبن و پاشتر تەنیا چواررۆژ دوای ئەو کۆبوونەوە دەستبەسەر کرا. ئەو مامۆستا کوردە بە فەرمانی وەزاری ئیتلاعات دوای ٨ ساڵ وانە گوتنەوە لە وەزارەتی پەروەردەی شارەکانی سنە و دێولان لە کارەکەی دوور خرایەوە. ناوبراو خاوەن بروانامەی کارناسی باڵا و مامۆستای زمانی عەرەبیە    

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە