دەستبەسەر کردن و ناڕوونیی چارەنووسی دوو لاوی سەقزی
٨ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ١٧:٢١
هەنگاو: سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو حەفتە، هەتا ئێستا هیچ هەواڵیک لە چارەنووسی دوو لاوی سەقزی کە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی رژیمی ئیسلامیی ئیرانەوە دەستبەسەر کران، لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە اڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، یاسین کەنعانی تەمەن ٢٩ ساڵ و عادڵ حوسێنزاده تەمەن ٢٦ ساڵ، دوو حەفتە پێش ئێستا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی رژیمی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و هەتا ئێستا چارەنووسیان نادیاره.
ناوەندی چالاکانی مافی مرۆڤی کوردستان لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردۆتەوە، هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم بەبێ ئاگادارکردنەوەو هەبوونی مۆڵەتی فەرمی، ئەو دوو لاوە کوردەیان دەستەبسەر کردووە.
هەتا ئێستا هێزە ئیتلاعاتییەکان هیچ زانیارییەکیان لەمەڕ چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی خەڵكی شاری سەقز نەدرکاندووە.
ناڕوونیی چارەنووسی یاسین کەنعانی و عادڵ حوسێنزاده، نیگەرانیی لای بنەماڵە و کەسوکاری ئەو دوو لاوە کوردە دروست کردووە. لەماوەی دوو مانگی رابردوودا زیاتر لە ٣٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر و رەوانەی شوێنی نادیار کراون.