بڕینەوەی لاقی زیندانییەکی سیاسیی کورد بەهۆی تەقە و ئەشکەنجەی هێزەکانی ڕژیم

١٠ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ١٩:٣٩
هەنگاو: زیندانیەکی سیاسیی ناوچەی مرگەوەڕی ئورمیە بە هۆی تەقەی هێزەکانی ڕژیم لاقێکی لەدەست داوە. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، مراد ئێحسانی هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەدێی زێوەـی سەربە ئورمیە کە ڕێکەوتی ٦ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی بە هۆی تەقەی هێزەکانی ڕژیم لەکاتی ڕاوەدوونان بریندار ببوو و دواتر دەست بەسەرکرابوو، لاقێکی بڕدراوەتەوە. ماڵپەڕی مرۆڤایەتی بڵاوی کردووەتەوە، ئەو هاووڵاتییە کوردە، دوای دەستبەسەرکرانی لە لایەن هێزەکانی ڕژیم، بۆ ماوەیەکی زۆر لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعاتدا بووە و بەو هۆیەوە برینەکەی زیاتر تەشەنەی کردووە. مراد ئێحسانی، ماوەیەکی زۆر دوای دەستبەسەرکران و ئەشکەنجەدران، ڕەوانەی بەندیخانەی ئورمیە کراوە و دواتر لە نەخۆشخانەی ئورمیە، لاقێکی بڕدراوەتەوە. لە ماوەی نزیک بە یەک ساڵی ڕابردوودا کە ئەو هاووڵاتیە کوردە بریندار و دستبەسەرکراوە، بە هیچ شێوەیەک ئیزنی بنەماڵەکەی نەدراوە سەردان و چاوپێکەوتنی لەگەڵ بکەن و تەنیا لە کاتی بوونی لە نەخۆشخانە، بۆ ماوەی ١٠ خولەک و لە پشت شیشەوە ئیزنیان پێدراوە چاو لە کوڕەکەیان بکەن، بە بێ ئەوەی کە هیچ پەیوەندییەک و قسەکردنێک لە نێوانیان بێتە ئاراوە. مراد ئێحسانی بە تاوانی هاوکاری و پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزێسیۆنی ڕژیمی ئێران دەستبەسەر کراوە و تا ئێستاش ڕوون نیە چ سزایەکی بەسەردا سەپاوە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە