گیانلەدەستدانی دوو کرێکاری کورد لە کامیاران

١١ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ٠٣:٢٦
هەنگاو: دوو کرێکاری کورد کە لە پەنچەرگیرییەکدا سەرقاڵی کار بوون، بەهۆی ڕووداوێکەوە گیانیان لەدەستدا. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، لەدرێژەی گیانلەدەستدانی کرێکارانی کورد بەهۆی نەبوونی ئیمەنی، دوو کرێکاری دیکە تووشی ڕووداو کرێکاری بوون. هاووڵاتییەکی ئاگادار لەو ڕووداوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە بەهۆی تەقینی تەگەری ماشێن لە پەنچەرگیرییەکدا دوو کرێکار گیانیان لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناسنامەی یەکێک لەو کەسانەی گیانی لەدەستداوە، فەرامەرز عەزیزی ڕاگەیەندراوە. نەبوونی ئیمەنی لە شوێنی کار ڕۆژانە کرێکارانی کورد دەکاتە قوربانی و بە شێوازی جۆراوجۆر تووشی ڕووداویان دەکات. لەو پێوەندییەدا چەند ڕۆژ پێش ئێستاش کرێکارێکی کوردی خەڵکی سنە بەهۆی بەربوونەوە لە نهۆمی حەفتەمی بینایەک لە کاتی کاردا، گیانی لەدەستدا. قوربانیگرتنی ڕووداوەکانی کار ڕۆژانە لە کاتێکدایە کە ناوەندە پێوەندیدارەکانی حکوومەت هیچ سەرنجێک نادەن و بە نیسبەت ئەم پرسەشەوە وەکوو باقی پرسەکان کەمتەرخەمن.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە