سەڵماس.. لەسێدارەدانی هاووڵاتیانی کورد بەردەوامە

١١ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ١٦:٥٤
هەنگاو: سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی دیکەی وکردی خەڵکی پارێزگای ئورمیە، لەبەندیخانەی ناوەندیی شاری سەڵماس بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی ١١ی خەزەڵوەر، سزای سێدارەی "ئیرەج حامدی" لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سەڵماس جێبەجێ کرا.
هەواڵنێری "هەنگاو" لەشاری سەڵماس وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە رایگەیاند کە ئیرەج خێزاندار و خەڵکی شاری ئورمیە بووە.
ئیرەج محەممەدی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمەوە دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی رێژیم بە تۆمەتی "بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
 
ئەو هاووڵاتییە کوردە ماوەی ٦ ساڵی ڕابردوو لەبەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە و ڕۆژی رابردوو بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی بۆ بەندیخانەی سەڵماس گوێزرابوویەوە.
سامی مامەدی کە لەگەڵ ئیرەج دەستبەسەر و سزای هاوشێوەی ەبسەردا سەپابوو، رۆژی ڕابردوو هەر لەو بەندیخانەیە لەسێدارە درا.
 
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ماڵپەڕی "هەنگاو"، لەسەرەتای خەزەڵوەرەوە ٤ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەی سەڵماس لەسێدارە دراون و دەوترێت کە لە ڕۆژانی داهاتوودا بڕیارە چەندین هاووڵاتیی دیکەی کورد لەو بەندیخانەیە لەسیدارە بدرێن.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە