مانگنامەی ئێعدام لە کوردستاندا ( ئۆکتۆبری ٢٠١٦)
١١ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ٢١:٥٠
هەنگاو: لەدرێژەی لەسێدارەدانی هاووڵاتیانی کورد تەنیا لەماوەی ١٤ رۆژدا ٦ هاووڵاتی بە فەرمانی دەزگای دادوەریی رێژیمی ئێران لەسێدارە دراون.
ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، راپۆرتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ بەشێوەیەکی مانگانە و بەردەوام بڵاو دەکاتەوە، بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری ماڵپەڕی "هەنگاو"، تەنیا لەماوەی ١٤ رۆژدا ( ١٨ی ئۆکتۆبر هەتا ٣١ ئۆکتۆبر) ، ٦ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئێران لەسێدارە دراون.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، شووناسی ئەو ٦ هاووڵاتییە کوردە فەردین سولەیمانپوور خەڵکی سەقز، بەختیار مامەدی خەڵکی سەڵماس، شۆڕش فارۆقی خەڵکی ئورمیە، فەرشید ڕوستەمی و مەجید رەبیعی خەڵکی ئیلام و سامی مامەدی خەڵکی سەڵماس ڕاگەیندراوە.
ئەو ٦ هاووڵاتییە کوردە لە بەندیخانەکانی میاندواو، سەڵماس و ئیلام لەسێدارە دراون و هەر شەش کەسیان بە تۆمەتی "بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان" لەلایەن دەزگای دادوەری ڕێژیمەوە ئەو سزایەیان بەسەردا سەپابوو.
چوونە سەرەوەی ڕێژەی ئێعدامەکان لە کوردستان و ئێران لەحاڵێکدایە کە بەشێک لە بەرپرسانی حکومی باس لە وڵام نەدانەوەی سیاسەتی بەڕێوەچوونی سزای سێدارە دەکەن، بەڵام بەشێک لە بەرپرسانی دەزگای دادوەری کوردستان هێشتاش پێداگری لەسەر بەرێوە چوونی ئەو سزا نامرۆڤانەیە دەکەن.
محەممەد رەزا عداڵەتخا سەرۆکی دەزگای دادوەریی رێژیم لەکرماشان رێکەوتی ١٦ی ڕەزبەر بە ڕۆژنامەی " باختر" چاپی کرماشانی وتبوو:" ئێمە بە لەسێدارەدانی قاچاخچییەکانی ماددە هۆشبەرەکان ، پێش بە ترانزێتی ماددە هۆشبەرەکان بۆ ئەورووپا دەگرین و ئەوان لەوبوارەدا قەرزداری ئێمەن".
بەڵام لە کوردستاندا ڕوانگەی خەڵک بەشێوەیەکی بەرچاو گٶڕاوە، بە جۆرێک کە ئەو وێنانەی کە لە ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بوونەتەوە باس لە کۆبوونەوەی خەڵکی ڕوانسەر بە مەبەستی بەخشینی کەسێکی سزا دراو بە سێدارە دەکەن، کە ئەمە چەندەمین کۆبوونەوەی لەم چەشنەیە کە لەو شارەدا بەڕێوە دەچێت.
هەروەها لەسێدارەدانی حوسێن عەبدوڵڵاهی لە ڕێکەوتی ٢١ی گەلاوێژی ئەمساڵ لە شەقامێکی شاری روانسەر کە بەبێ بەشداری خەڵک بەڕێوە چوو، بۆ چەندەمین جار چالاکانی بواری هەڵوەشانەوەی سزای سێدارەی تووشی سەرسووڕمان کرد.
ساڵی ڕابردوو و بەپێی ڕاپۆرتێک کە ئەحمەد شەهید رێپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لەئێران بڵاوی کردبووە رێژەی لەسێدارە دراوانی لەماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا بێوێنە لەقەڵەم دابوو کە زیاتر لە ١٠٠٠ کەس لەوق ماوەیەدا سزای سێدارەکەیان جێبەجێ کرابوو.
بڵاوکردنەوە و کەڵک وەرگرتن لەم ئامارانە بە هێنانی ناوی سەرچاوە ڕێگەپێدراوە.