سەردەشت.. کوژرانی کۆڵبەریکی دیکە بە دەستی هێزەکانی ڕێژیم
١٢ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ٠٣:٤٩
هەنگاو: لەدرێژەی کوشتنی سیستماتیکی کۆڵبەرانی کورد بە دەستی هێزە چههكدارههكانی رێژیمی ئێران، ئەمجارەیان کۆڵبەریکی خەڵکی شاری سەردەشت بوو بە قوربانی.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، ئێوارەی رۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١١ی خەزەڵوەر، کۆڵبەرێکی کورد بەناوی "عوسمان عەزیزی" کوڕی کەریم بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی ریژیم گیانی لەدەست دا.
هەواڵنێری "هەنگاو" لە شاری سەردەشت ڕایگەیاند کە ئەو کۆڵبەرە کاتژمێر ٤ی ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە لە شوێنێک بە ناوی "دۆڵەبێ"ی سەردەشت کەوتووەتە بەر دەستڕێژی گوللەی هێزەکانی ڕێژیم.
بە وتەی شایەتحاڵان ناوبراو بە هۆی کاری بوونی برینەکەیەوە پێش لە گەیشتن بە نەخۆشخانەی شاری سەردەشت گیانی لە دەست داوە.
"عوسمان" بە هۆی نەبونوی دەرەتانی کار، هەژاری و دەستکورتی ڕووی لە پیشەی پڕ مەترسیی کۆڵبەری کردبوو و "قوماش"ی دەگوێزایەوە.