دەستبەسەرکرانی چالاکێکی ژینگەپارێز لە مەریوان

١٢ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ١٥:١٨
هەنگاو: یەکێک لەچالاکانی ژینگەپارێزی خەڵکی مەریوان کە هاوکات ئەندامی "ئەنجومەنی سەوزی چیا"ی ئەو شارەیە، لەلایەن هیزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەر، "شەریف باجوه‌ر" یەکێک لەچالاکانی ژینگەپارێزی مەریوان لەلایەن هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.
 
هەواڵنێری "هەنگاو" لەشاری مەریوان رایگەیاند کە ئەو چالاکە ژینگەپارێزە لە گوندی "دزڵی" دەستبەسەر کراوە.
شەریف باجوور بەمەبەستی پشتیوانی لە مافی ئاژەڵەکان و بە دروشمی "لەگەڵ مێهرەبانی ژیان بەسەر بەین" رۆژی ڕابردوو مانگرتن لە خواردن و ڕێپێوانی خۆی لە مەریوانەوە بۆ سەلاسی باوەجانی ڕاگەیاندبوو.
 
ئەو هەوڵە بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە توندوتیژی دژ بە ئاژەڵەکان و بۆ پشتگیری لەو ٧ بێچووە سەگەی ئەنجام دراوە کە چەند رۆژ پێش ئێستا دایکەکەیان بەدەستی مرۆڤەکان کوژرابوو و وێنەکەی لە ماڵپەڕە کۆمەلایەتییەکان بڵاو بووەوه‌ و بڕیار بوو ئه‌و رێپێوانه‌ لە مەریوانەوە هەتا سەلاسی باوەجانی لە پارێزگای کرماشان درێژەی هەبێت.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە