سەقز.. سێ چالاکی ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان هێشتا دەستبەسەرن

١٣ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ١٤:٥١
هەنگاو: سێ کەس لە چالاکانی ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان کە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون، هێشتا ئازاد نەکراون. بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، گرووپێکی سایبیریی یەکێک لە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە سەقز، لەماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا لانیکەم ٣٠ کەس لە بەڕێوەبەران و ئەندامانی کەناڵە تێلێگرامییەکانی ئەو شارەیان بە هۆکاری لایەنگری لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزێسینی ریژیم بانگهێشت کردووە. لە ڕاپۆرتێکدا کە ماڵپەڕی "موکریان" بڵاوی کردووەتەوە هاتووە کە زۆربەی ئەو کەسانە پاش بانگهێشت کران و وەرگرتنی بەڵێن به‌ نووسراوە ئازاد کراون، بەڵام سێ کەسیان بە ناوەکانی "غەریب شەریف‌زادە"، "کامڵ شەریف‌زادە" و "هیوا دەستباز" هێشتا دەستبەسەرن و لە بەندیخانە ڕاگیراون. چالاکانی ئەو ناوجەیە لەسەر ئەو بڕوایەن کەسانێک بە ناسنامەی نادیار چوونەتە نیو ئەو کەناڵانە و وێنەیان لە کۆمێنت و ئەندامانی کەناڵەکان هه‌ڵگرتووه‌ و دواتر ئەو لیستەیان ڕادەستی ناوەندە ئیتلاعاتییەکان کردووە کە وەکوو بەڵگە هاوپێچی کەیسەکانیان کراوە و وەکوو بەڵگەی تاوان دژ بەو چالاکانە بەکار هێنراون.    

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە