دوو هاووڵاتیی مەهابادی لەسێدارە دران

١٧ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ١٨:٠٩
هەنگاو: دوو هاووڵاتی کوردی بەندکراو لە بەندیخانەی مەهاباد لەسێدارە دران. بەپشتبەستن بە ئامارەکانی "هەنگاو"، لەسەرەتای نۆڤەمبرەوە ڕۆژانە یەک کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دراوە. بەپێی هەواڵێ هەواڵنێری "هەنگاو" لەشاری مەهابادەوە، سەر لەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەری ٢٧١٦ی کوردی، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری مەهاباد بەڕێوە چووە. هەواڵنێری "هەنگاو" ناسنامەی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی "رەحیم محەممەدپوور" و کەسیکی دیکە بەناوی چووکەی "مه‌هدی" ڕاگەیاندووە. ئەو دوو بەندکراوە بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیمەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو. بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، لەسەرەتای مانگی نۆڤەومبرەوە سزای سێدارەی ٦ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی سەڵماس، ئورمیە و مەهاباد بەڕێوە چووە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە