قوروە.. دوو هاووڵاتیی کورد لەسێدارە دران

١٨ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ٠١:٠٤
هەنگاو: دوو بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی شاری قوروە لەسێدارە دران. بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ١٧ی خەزەڵوەر، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی شاری قوروەی سەر بە پارێزگای سنە بەڕێوە چوو. هەواڵنێری "هەنگاو" ناسنامەی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی "محەممەدڕەسووڵ حەیدەری" خەڵکیق قوروە و "بابەک حەسەن زادە" خەڵکی سەردەشت ڕاگەیاندووە. محەممەدرەسووڵ بە تۆمەتی "کوشتنی ئەنقەست" و بابەک بە تۆمەتی "بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان" لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیمەوە سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندرابوو و ماوەی ٤ ساڵە لە بەندیخانەی هەمەدان ڕاگیرابوون و ٢٠ ڕۆژ بەر لەئێستا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان بۆ بەندیخانەی شاری قوروە گوێزرابوونەوە. پێشتر و بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ١٤ بەندکراوی بەندیخانەی قوروە ئەگەری جێبەجێکردنی سزاکەیان لەئارادایە. بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، لە سەرەتای مانگی نۆڤەومبرەوە سزای سێدارەی ٨ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی سەڵماس، ئورمیە ، قوروە و مەهاباد بەڕێوە چووە.  

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە