کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی ٢٠٠ کریکاری کورد لەبەر دەم بینای وەزارەتی نەوت
١٩ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ٠١:٣٧
هەنگاو: نزیک بە ٢٠٠ کرێکاری کوردی دەرکراو لە پرۆژەی کێڵگەی نەوت و گازی "تەنگی بیجاڕی ئیلام، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لەبەر دەم بینای وەزارەتی نەوت لەتاران پێکهێنا و داوای گەڕاندنەوە مافە پێنەدراوەکانیان بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، لەماوەی ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە ١٧ و ١٨ی خەزەڵوەر، نزیکەی ٢٠٠ کرێکاری دەرکراوی کێڵگەی نەوت و گازی تەنگەی بیجاڕی ئیلام لە بەر دەم بینای وەزارەتی نەوت لەتاران کۆبوونەوە و خوازیاری گەڕانەوە بۆ سەرکارەکەیان و دانی مووچە و مافە پێنەدراوەکانیان بوون.
ماڵپەڕی "کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ هاوکاری کردنی پێکهێنانی رێکخراوە کرێکارییەکان" بە بڵاوکردنەوەی هەوالێک لەوبارەوە نووسیویە :" هەتا ئێستا هیچ وڵامێک لەلایەن بەرپرسان و کارفەرماوە بە داواکاری ئەو کرێکارانە نەدراوەتەوە و هەوڵەکانیان بێ ئاکام ماوە."
کارفەرمای ئەو کێڵگەیە لەماوەی مانگی رابردوودا ٢٠٠ کرێکاری کورد و خۆجێی کە پیشینەی ٧ هەتا ٨ سال کاریان لەو کێڵگەیە هەبووە دەرکردووە و کەسانی ناخۆجێییان هێناوەتە شوێنیان.