هاجەر پیری ٩ ساڵ بێ مافی مرەخەسی
٢١ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ١٣:٥٩
هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسیی کورد بەناوی "هاجەر پیری" نزیک بە ١٠ ساڵە بەدوور لە چاوی میدیاکان و بەبێ یەک رۆژ مرەخەسی لە بەندیخانەی کرمان ڕاگیراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، هاجەر پیری بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی نەغەدە ماوەی ٩ ساڵە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری کرمان ڕاگیراوە.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە "مرۆڤایەتی" بڵاوی کردووەتەوە، ئەو بەندکراوە تەمەن ٣٣ ساڵە، بانەمەڕی ٢٧٠٢ (١٣٨٦) لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری نەغەدەوە دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٧ مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی نەغەدە و ئورمیە ڕاگیراوە.
ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕەزبەری هەمان ساڵ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە تۆمەتی " ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان و هەروەها هەوڵدان دژی ئاسایشی وڵات" سزای ١٧ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی کرمان لە ناوەندی ئێرانی بەسەردا سەپێندرا.
هاجەر پیری لەکاتێکدا نۆیەمین ساڵی بەنکرانی خۆی تێدەپەڕێنێت کە ٨ ساڵ و ٦ مانگە لە بەندی تاوانە کۆمەڵایەتییەکان و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان ڕاگیراوە و باری جەستەیی ناجێگیرە و سینگی چڵکی کردووە و بەدەست ئازارەوە دەناڵێنێت.