مەشهەد.. کوردێک لەپێش چاوی خەڵک لەسێدارە درا

٢٢ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ١٧:٤٠
هەنگاو: سزای سێدارەی لاوێکی کورد لەپێش چاوی خەڵک و لە شوێنی لەدایکبوونی بەرێوەچوو. بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٠ی خەزەڵوەر، سزای سێدارەی لاوێکی کورد لە گوندی "چولمە سەنگ"ی شاری مەشهەد بەڕێوەچوو. هەواڵنێری "هەنگاو" ناسنامەی ئەو لاوە  تەمەن ٢٢ ساڵە کوردەی کە سەر بە هۆزی جەلالییە "ر . ق" راگەیاند. ئەو لاوە کوردە ساڵی ٢٧١٥ی کوردی (١٣٩٣)، بە تۆمەتی دەستدرێژی و کوشتنی کچێکی تەمەن ٨ ساڵ دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیمی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. یەکێک لە دانیشوانی ئەو گوندە کە لە دوو نەتەوەی کورد و تورک پێکهاتووە و لەبەر هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت بە هەنگاوی گوت: "ئەو سزایە سەپێندراوە به‌ سەر (ر . ق)دا و کوژرانی ئەو کچەی بەدەستی ناوبراوی رەتكردەوە و بە بڕیارێکی سیاسیی مەبەستدار و بۆ دووبەرەکی نانەوە لەنیوان دوو نەتەوەی کورد و تورکی دانیشتووی ئەو گوندە لەقەڵەم دا." گوندی "چولمە سەنگ" لە ناوچەیەکی تورکنشینی نزیک مەشهەد هەڵکەوتووە کە ٥ خێزانی کوردیسەر بە هۆزی جەلالی لەو گوندە نیشتەجێن. نزیکەی ٢ میلیۆن کورد لەپارێزگاکانی خۆراسانی ڕەزەوی و خۆراسانی باکوور دەژین کە لە کاتی دەسەڵاتدارێتی سەفەوییەکان بۆ ئەو ناوچانە کۆچ دراون.      

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە