چارەنووسی به‌ندكراوێکی سیاسیی کورد ٣٠مانگە ناڕوونە

٣٠ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ٠٠:٥٧
هەنگاو: لە چارەنووسی به‌ندكراوێکی سیاسیی کورد کە دوو ساڵ و نیو پێش دەستبەسەرکراوە، هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، سەیوان ڕەحیمی، به‌ندكراوی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی نگڵ سەر بە کەڵاتەرزانی سنە، دوو ساڵ و نیو پێش لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای ئەوەی ناوی ئەم به‌ندكراوه‌ سیاسییە کوردە لە بەندی ١٠ی گرتووخانەی دیزڵئاوا تۆمار کراوە، هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.
بنەماڵەی سەیوان ڕەحیمی تاکوو ئێستا چەندجار بەدواداچوونیان بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لە چارەنووسی کوڕەکەیان کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی سەیوانیان پێنەدراوە.
سەیوان پێشتر و لە ساڵی ١٣٨٨یشدا جارێکی دیکە دەستبەسەر و بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک له‌ حیزبە کوردییە دژبەرەکانی ڕێژیمی ئێران، سزای زیندانی بەسەردا سەپابوو و پاش تێپەڕکردنی دوو ساڵ ئازاد کرابوو.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە