دۆخی جەستەیی بەندکراوێکی کورد لە بەندەرعەباس ناجێگیرە

٢ سەرماوەز ٢٧١٦، ١٨:٥٦
هەنگاو:  بەندکراوێکی کوردی خەڵکی ماکۆ هاوێنی ڕابردوو دەستگیر کراوە، لەباری جەستەییەوە لە دۆخێکی ناجێگیر دایە. بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری ماڵپەڕی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕەزا حوسێن عەلی‌زادە، بەندکراوی کوردی خەڵکی شاری ماکۆ لە پارێزگای ئورمیە کە کاسبکاری کۆتاڵ و فرۆشیاری پارچە بووە و مانگی کۆتایی وەرزی هاوین بە تۆمەتی قاچاخی دەستگیر کراوە، ئێستا لە گرتووخانەی بەندەرعەباس لە دۆخێکی ناجێگیری جەستەیی دایە و توانای ڕێگەڕۆیشتنی نەماوە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی زیندانەوە پێشگیری لە چارەسەریی پزیشکیی دەکرێت. هەمان سەرچاوە لەزاری پزیشکانی نەخۆشخانەی بەندەرعەباسەوە بڵاوی کردووەتەوە "ڕەزا حوسێن عەلی‌زادە، کە بازرگانێکی کوردە تووشی جەڵتەی مێشک بووە و پێشتر نەشتەرگەریی دڵی بۆ کراوە و ئێستا لە دۆخی خراپی جەستەیی دایە. " دەگوترێ ئەو بازرگانە کوردە لە کاتێکدا بە شێوەی یاسایی لە بەندەرعەباسەوە پارچە و جلوبەرگی بۆ تاران هێناوە و پارەی گومرکی داوە و ڕێکارە یاساییەکانیشی بڕیوە، کەچی لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستگیر کراوە و لەلایەن کەسێک بەناوی "بەهرامی نەژاد"ئەندامی سوپای پاسدارانەوە بە٢ مانگ ڕاگیران لە گرتنگەکانی ئیتلاعات دەستبەسەر کرا.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە