هاندانی خەڵک بۆ لێدانی بەندکراوێکی کورد بەبیانووی داعشی بوون

٤ سەرماوەز ٢٧١٦، ٠٣:٤٤
هەنگاو: بەرپرسانی بەندیخانەی رەجایی شاری کەرەج، بەبیانووی داعشی بوون خەڵکیان هانداوە کە هێرش بکەنە سەر بەندکراویکی کورد کە تووشی جەڵتەی دڵ بووە و لەنەخۆشخانەدایە. بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، سڵێمان پیرۆتی بەندکراوی سونە مەزهەبی کورد کە لەبەندیخانەی رەجایی شار ڕاگیراوە, دوو رۆژ پێش بە هۆی جەڵتەی دڵەوە بۆ دووهەمین جار ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە. ئەو هێزe ئەمنیەتیانەی کە بەرپرسیارێتی گواستنەوە و ئەمنیەتی ئەو بەندکراوە کوردەیان لەئەستۆ بووە لە کردەوەیەکی دوور لە ئیخلاق و دژە مرۆییدا ، خەڵکی ناو نەخۆشخانەیان هانداوە کە هێرش بکەنە سەر ئەو بەندکراوە کوردە کە دەستبەند و پێبەندی لەدەست و پێ هەبووە و وەکوو "داعشییەکی پیسە" بەخەڵکیان ناساندووە. بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "هێرانا"، ئەو هێزە ئەمنیانە بەخەڵکیان وتووە " هەرکارێک کە پێتان خۆشە لەگەڵ ئەم داعشییە پیسە ئەنجامی بدەن." ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هێندێک لە خەڵک تفیان بە سەروچاوی ئەو بەندکراوە کوردەا کردووە و هێندیکیش لێیان داوە. سڵێمان پیرۆتی سزای ٥ ساڵ بەندیخانەی بەسەردا سەپاوە و ماوەی ٢٥ مانگە کە لەبەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگیراوە و لەو ماوەیەدا بێبەش بووە لە مافی چاوپێکەوتن و ئازادی مەرجدار. ناوبراو خێزاندار و باوکی سی منداڵیشە. ئەو بەندکراوە کوردە مانگی گەلاوێژ بۆ جاری یەکەم تووشی جەڵتەی دڵ ببوو.  

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە