دەستبەسەرکرانی کەیوانی کەریمی دوای بانگهێشت بۆ دادسەرا
٤ سەرماوەز ٢٧١٦، ١٣:٣٨
هەنگاو: هونەرمەندی کوردی خەڵکی بانە دوای ئەوەی بانگهێشتی دادسەرا کرا، بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی دەستبەسەر و ڕاپێچی بەندیخانە کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، کەیوان کەریمی دەرهێنەری خەڵکی بانە ڕۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٣ی سەرماوەز، دوای بانگهێشت کران بۆ دادسەرای شەهید موقەدەسی بەندیخانەی ئێڤین، دەستبەسەر و بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندیخانە کرا.
ئەم هونەرمەندە کوردە پێشتر و بەهۆی بەرهەمهێنانی فیلمێک لەژێر ناوی "نووسرین لەسەر دیواری شار" و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژیرێژیمی ئێران و بێڕێزی بە پیرۆزییەکان " سزای ١ ساڵ بەندیخانە و ٢٢٣ زەربە قامچی بەسەردا سەپێندرابوو.
ئەو حوکمە سەرەتا ٦ ساڵ بەندیخانە و ٢٢٣ زەربە قامچی بوو و دواتر لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ١ ساڵ بەندیخانە و ٥ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو و ٢٢٣ زەربە قامچی کەم کرایەوە.
کەیوان کەریمی، دەرچووی ڕشتەی مودیرییەتی ڕاگەیەنەکانە و برای هونەرمەندی بەناوبانگ و کۆچکردوو تەها کەریمییە.