درێژەی ڕاگرتنی چوار هاووڵاتیی بۆکانی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعات

٤ سەرماوەز ٢٧١٦، ١٧:١٤
هەنگاو: پاش نزیک بە ٥٠ ڕۆژ لە دەستبەسەربوون، چوار هاووڵاتیی کورد هەروا لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداراندا ڕاگیراون. بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، چوار هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان کە نێوەڕاستی مانگی ڕەزبە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکراون، هەروا لە دەستبەسەریدا ڕاگیراون. ئەم ڕاپۆرتە باس لەوەدەکات کە عەبدولغەفوور ئاسەوار، یەعقووب نوورە، کەماڵ عەلی ئەقدەم و هەژار فارقی، ئەو چوار هاووڵاتییە کوردەن کە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەر هاوڕێ لەگەڵ دەیان هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی بۆکان  دەستبەسەر کراون. ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە کە نزیک بە پەنجا ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانیان تێدەپەڕێت، هەروا لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداراندا ڕاگیراون، بەڵام بقی دەستبەسەر کراوانی دیکە بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کراون. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لەو ماوەیەدا، بنەماڵەی ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە تەنیا یەک جار توانیویانە سەردانی کوڕەکانیان بکەن. تاوەکوو ئێستاش هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکار یان هۆکارگەلی دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە کوردانە لەبەردەستدا نییە. دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد بەبێ هیچ هۆکارێک لەلایەن ناوەندی پێوەندیدارەکانی ڕژیمەوە لە ساڵی ئەمساڵدا بەشێوەیەکی بەربڵاو ڕووی لەزیادبوون کرد. چالاکانی سیاسیی کورد لەسەر ئەو باوەڕەن کە ڕژیمی ئێران بەو شێوەیە لە هەوڵی ئەوەدایە کە ترس و دڵەڕاوکێ بخاتە نێودڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بەو شێوەیە دەریبخات کە بەوردی چاوەدێری هەموو تاک و شوێنێک دەکات. بەڵام لە هەمان کاتدا دەشڵێن کە ڕژیمی تاران لەو سیاسەتەیدا سەرکەوتوو نەبووە و بەو پێیە کە خەڵکی کوردستان خەباتی ڕزگاری خوازیی نەتەوەیی بە خەباتی خۆیان دەزانن، زاڵکردنی کەشوهەوای ئەمنیەتی و نیزامی لەلایەن ڕژیمەوە لە کوردستان لەسەریان کاریگەری نابێت.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە