دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی بۆکانی لەلایەن ئیتلاعاتی ئەو شارەوە

٦ سەرماوەز ٢٧١٦، ١٧:٣١
هەنگاو: هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر و پاش ٦ رۆژ رەوانەی زیندانی ئورمیەیان کرد. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، رۆژی دووشەممە ١ی سەرماوەز، هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری بۆکان هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر کرد. هەواڵنێری "هەنگاو" لەشاری بۆکان ناسنامەی ئەو هاووڵاتییە دەستبەسەر کراوەی "جەماڵ یوسێفی" ڕاگەیاندووە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، جەماڵ یوسێفی دوای ٥ ڕۆژ راگیران لە ژوورە تاکەکەسییەکانی سیتادی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان ئەمڕۆ شەممە ٦ی سەرماوەز، بۆ بەندیخانەی "دەریا" لەشاری ئورمیە گوازراوەتەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی پارێزگای ئورمیەوە هەڕەشەیان لێکراوە کە نابێ بەهیچ شێوەیەک گیرانی کوڕەکەیان میدیایی بکەنەوە و لەو پەیوەندییەدا بە نووسراوە بەڵێننامەیان لێیان وەرگرتووە. جەماڵ یوسێفی بە تۆمەتی "هاوکاری یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزێسیۆنی ڕێژیمی ئێران" دەستبەسەر و ئێستا لە بەندیخانەی "دەریا"ی شاری ئورمیە ڕاگیراوە.      

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە