٤ هاووڵاتی سەقزی بەدانانی بارمتە ئازادکران
٧ سەرماوەز ٢٧١٦، ٠٢:١٥
هنگاو: چوار هاووڵاتیی سەقزی کە لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانی ئەوشارەوە دەستبەسەر کرابوون، بەدانانی بارمتە ئازاد کران.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، ٤ کەس لە چالاکانی ماڵپەڕە کۆمەلایەتییەکان کە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سەقزەوە دەستبەسەر کرابوون، لەماوەی ڕۆژانی رابردوودا بەدانانی بارمتەی قورس ئازاد کراون.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، "هیوا دەستباز" لە ٢٥ی خەرمانانی ئەمسال دەستبەسەر کرابوو بە دانانی بارمتەی ١٦٠ ملیۆن تمەنی لە بەندیخانە ئازاد کراوە.
هەروەها سێ هاووڵاتیی دیکە بەناوەکانی "کامڵ شەریفزادە"، "غەریب شەریفزادە" و "ناسر رەحیمی" کە دووی خەزەڵوەری ئەمساڵ دەستبەسەر کرابوون پاش مانگێک و بەدانانی بارمتەی ١٢٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کراون.
لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٣٠ کەس لە چالاکانی ماڵپەڕەکۆمەڵایەتییەکان لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی شاری سەقزەوە بانگهێشت کرابوون کە چەند کەسێکیان دەستبەسەر و بەشێکی زۆریشیان بە دانی بەڵێنی نووسراوە ئازاد کرابوون.
ئەو کەسانە بە تۆمەتی چالاکی لە ماڵپەڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام و " هاوتەریبی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران بانگهێشتی ئەو ناوەند ئەمنیەتیە کرابوون.