هەنگاوی ناوی سی کەسی دیکە لە گیراوانی کامیاران ئاشکرا دەکات

٧ سەرماوەز ٢٧١٦، ١٩:٢٨
هەنگاو: ناسنامەی سی کەسی دیکە لە دەستبەسەرکراوانی کامیاران کە کۆتایی رەزبەر ئەمساڵ دەستبەسەر کرابوون بۆ "هەنگاو"ئاشکرا بوو. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، کۆتاییەکانی رەزبەری ئەمساڵ نزیکەی ١٢ هاووڵاتی کامیارانی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کران کە هەتا ئێستا ناسنامەی ٦ کەس لەو گیراوانە بۆ "هەنگاو" ئاشکرا بووە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ناسنامەی ٣ کەسی دیکە لە دەستبەسەر کراوانی شاری کامیاران بەناوەکانی "عەبدوڵڵا پەشاوایی" کوڕی محممەد و خەڵکی گوندی زێویە، "نامدار قارەمانی" کوڕی جەعفەر و خەڵکی گوندی "بزوەش" و "محەمەد سادقی" کوڕی مەعرووف و خەڵکی بزوەش بۆ "هەنگاو" ئاشکرا بووە. پێشتر "هەنگاو" لە ڕاپۆرتێکدا ناسنامەی سێ کەسی دیکە لەو کەسانەی بە ناوەکانی حەسەن قوربانی، حەیدەر قوربانی و حوسین روحانی کە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٥ی رەزبەر دەستبەسەر کرابوون، بڵاو کردبووە. ئەو هاووڵاتییانە سەرجەمیان خەڵکی گوندەکانی تەختی زەنگی، پەشاوا، وێزیەر و بزوەشی شاری کامیاران بوون کە بە تۆمەتی بەشداری لە کوشتنی دوو کەس لە دەستوپێوەندییەکانی رێژیم بە ناوەکانی جەبار ئیبراهیمی و سدیق ئەمینی لە گوندی تەختی زەنگی، دەستبەسەر کراون. ئەو دوو کەسە رۆژی شەممە ١٠ی رەزبە لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە کوژرابوون.    

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە