درێژەی دەستبەسەری و ناڕوونیی چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد پاش یەک مانگ

١٠ سەرماوەز ٢٧١٦، ٠٠:٣٩
هەنگاو: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی کامیارانه کە هاوکات سەرقاڵی تێپەڕاندنی ئەرکی گشتی و زۆرەملی(سەربازی) بوو، سەرەتاکانی خەزەڵوەر دەسبەسەر کراوە. بەپێی هەواڵی گەییشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، ئەو هاووڵاتییە کوردە کە ناسنامەی " نیما مەردۆخی " ڕاگەیەندراوە، پاش زیاتر لە یەک مانگ لە دەستبەسەرکران، چارەنووسی هەروا ناڕوونە. ئەم هەواڵە باس لەوەدەکات کە ئەم هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی گوندی دەژن سەر بە کامیاران، لەکاتی تێپەڕاندنی ماوەی خزمەتی ئەرکی گشتیی زۆرەملێ لە گرتووخانەی شاری کامیاراندا بووە. نیما مەردۆخی، سەرەتاکانی مانگی خەزەڵوەر دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە و بۆ دوایین جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوانەوە لەڕێگای تەلەفۆنەوە بە بنەماڵەکەی هەواڵی دەستبەسەرکرانی دراوە. لەماوەی دەستبەسەری و بێسەروشوێنی ئەم هاووڵاتییە کوردەدا، بنەماڵەکەی چەندین جار و لەڕێگای جۆراوجۆرەوە بۆ بینینی کوڕەکەیان هەوڵیان داوە بەڵام هیچ زانیارییەکیان لەمەڕ چارەنووسی کوڕەکەیان وەدەست نەکەوتووە. یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی مەردۆخی لەوبارەوە بە هەواڵنێری ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاوی ڕاگەیاند کە گومان دەکرێت کە نیما لەدرێژەی شەپۆلی بەرینی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتیانی کورد بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان قۆڵبەست کرابێت.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە