درێژەی گیان لەدەست دانی دایکانی پاوەیی بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە

١٢ سەرماوەز ٢٧١٦، ١٨:٢٣
هەنگاو: هەڵەی پزیشکی پزیشکەکانی شاری پاوە گیان لە دەست دانی دایکێکی دوو گیانی خەڵکی ئەو شارەی لێکەوتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ١٢ی سەرماوەز، ژنێکی گەنج بەناوی مەرزیە شەکەری بە هۆی هەڵەی پزیشکییەوە لەشاری پاوە گیانی لەدەست دا. مەرزیە شەکەری کچی کەیکاووس و خەڵکی گوندی "شۆشمێ"یە کە لەکاتی گواستنەوە لە نەخۆشخانەی "قودس"ی شاری پاوە بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری کرماشان گیانی لە دەست داوە. یەکێک لە نزیکانی مەرزیە شەکەری لەپەیوەندییەکی تەلەفوونیدا بە "هەنگاوی ڕاگەیاند کە " دوای خەواندنی مەرزیە سات لەدوای سات دۆخی جەستەیی خراپتر دەبوو و داوای ئێمە بۆ گواستنەوەی بۆ ناوەندیکی دەرمانی دیکە یان هێنانی کادری شارەزا بێ ئاکام مایەوە و تەنانەت بە نیسبەت ئەو داوایەی ئێمەوە تووڕە بوون ، لە ئەنجامدا کاتێک بڕیاریان دا کە نەخۆشەکەمان بگوازنەوە، مەرزیە چوبووە حاڵەتی کۆما." لەماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا چەندین حاڵەتی گیان لەدەست دانی دایکانی دووگیان لە شاری پاوە بە هۆی کەمتەرخەمی و هەڵەی پزیشکییەوە تۆمار کراوە، بەڵام بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو قوربانیانە لەلایەن ناوەندە پەیوەندیدارەکانەوە هیچ وڵامێکی نەبووە.  

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە