خوێنڕێژیی گورچیلە و بێبەشکرانی زیندانییەکی سیاسیی لە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان
١٥ سەرماوەز ٢٧١٦، ١٩:٣٥
هەنگاو: زیندانییەکی سیاسیی کورد کە ماوەی ٢٠ ڕۆژە گوازراوەتەوە زیندانی ناوەندیی سنە، لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەشکراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، یەکێک لە برایانی دانشمەند کە ماوەی ٢٠ڕۆژە گوازراونەتەوە بۆ زیندانی ناوەندیی سنە لە نەخۆشیی گورچیلە ئازار دەچێژێت و گورچیلەی تووشی خوێنڕێژی بووە.
حەسەن و حوسێن دانشمەند دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بانەن کە حوسێن مانگی کۆتایی وەرزی هاوین لە تاران دەستبەسەر کراوە و براکەی دیکەشی ناوەڕاستی وەرزی پاییز لە مەریوان قۆڵبەست کراو و دواتر هەردووکیان ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی (شارامفەر)ی سنە کران و دواجار بیست ڕۆژ پێش ئێستا گوازراونەتەوە بۆ زیندانی ناوەندیی سنە.
بەپێی زانیارییەکانی "هەنگاو"، حوسێن دانشمەند تەمەن ٤١ساڵان خێزاندار و کرێکار لە بازاڕچەی بانە بووە و پاش گەڕانەوەی لە کوردستانی باشوور دەستگیر کراوە. حەسەن دانشمەند تەمەن ٤٣ساڵ و خێزاندار کە پیشەی پزیشکە لە شاری تاران دەستبەسەر کراوە. ئەم دوو قۆڵبەستکراوە کوردە سەرەڕای ئەوەی کە ماوەیەک لە گرتنگەی ئیتلاعاتدا بووەن و ماوەی ٢٠رۆژیشە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سنە کراون، بەڵام هەتا ئێستا دۆسیەیان بۆ نەکراوەتەوە و دادگایی نەکراون.
دەوترێت کە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی تاران خراوەتە پاڵ ئەم دوو برا کوردە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە بۆ سەلماندنی، تاوەکوو ئێستا دادگایی نەکراون.
هەواڵنێری ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو" بەدواداچوونی چارەنووس و دۆخی ئەو دوو هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە کوردە کرد.
سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو و ئاگادار لەو پێوەندییەدا بە "هەنگاو"ی ڕاگەیاند کە دۆخی جەستەیی حسێن دانشمەند ناجێگیرە و بەهۆی بێبەشی لە خزمەتگوزاریی پزیشکی، گورچیلەی تووشی خوێنڕێژی بووە.