لاوێکی قوروەیی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا
١٦ سەرماوەز ٢٧١٦، ٠٢:١٨
هەنگاو: هێزە ئیتلاعاتییەکانی رژیمی ئێران لە شاری قوروە، لاوێکی کوردی خەڵکی ئەو شارەیان بەناوی سابیر نادری دەستبەسەر کرد.
یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو لاوە کوردە رایگەیاند، سابیر ئەندازیار و بەرپرسی "شرکت شهیر نرام افزار پویا"ی شاری قوروەیە، کە لە ماڵی خۆیدا دەستبەسەر کراوە.
ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند: "سەرلە بەیانیی رۆژی یەکشەممە ١٤ی سەرماوەز، نزیک بە ٢٠ کەس لە هێزەکانی ئیتلاعاتی رژیم له شاری قوروە چوونەتە ماڵی سابیر نادری و لە گەڵ خۆیاندا بردوویانە".
سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، کە هێزه ئیتلاعاتییەکان خۆیان لە وڵامدانەوە و دانی زانیاری لەسەر چارەنووسی سابیر نادری بواردووە.
هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەر کران و شوینی راگیرانی سابیر نادری، ئەندازیاری کامپیوتێر و "نرم افزار" روون نەبۆتەوە.
پێشتریش دو وبرای سابیر نادری بەناوەکانی سەلاحەدین و عارف نادری لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بەرەوڕووی هەڕەشە و گوشار ببوونەوە کە لە ئەنجامی هەرەشەی هێزە ئەمنییەکاندا بە ناچاری زێدی خۆیان بەجێهێشتووە.