زیندانییەکی سیاسیی مانگرتووی کورد، بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرایەوە

١٦ سەرماوەز ٢٧١٦، ١٦:٢٦
هەنگاو: زیندانییەکی سیاسیی کورد پاش قبووڵنەکردنی بەڵێنیی بەرپرسانی گرتووخانە و پێداگری لەسەر خواستەکانی، بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرایەوە. بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، حەسەن ڕەستگاری مەجد، زیندانیی سیاسیی کوردی بەندکراو لە گرتووخانەی ئورمیە، چوار ڕۆژ پێش ئێستا مانگرتن لە خواردنی ڕاگەیاند. ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە کە خوازیاری پێداچوونەوە بە حوکمەکەیە، دوێنێ دووشەممە ١٥ی سەرماوەز لە سێهەمین ڕۆژی مانگرتندا لەگەڵ بەرپرسانی گرتووخانە کۆ بووەوە. ئەم ڕاپۆرتە باس لەوەدەکات کە بەرپرسانی زیندان بەڵێنیان داوە کە سکاڵای گرتووخانە و یەکێک لە بەندکراوەکانی دیکە لە دژی ئەم زیندانییە سیاسییە وەربگرنەوە بەو مەرجە کە کۆتایی بە مانگرتنەکەی بهێنێت. حەسەن ڕەستگاری مەجد، ئەم بەڵێنەی بەرپرسانی گرتووخانەی قبووڵ نەکرد و لە سێهەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیدا بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرایەوە. تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە کە ناوبراوە لە مافی تەلەفۆن و چاوپێکەوتنیش بێبەش کراوە. ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە خوازیاری پێداچوونەوە بە ماوەی ١٥ساڵەی حوکمەکەیە و هەروەها لە ناڕەزایەتی بە پەروەندەسازیی نوێ لە ڕۆژی شەممە ١٣ی سەرماوەزەوە دەستی داوەتە مانگرتن.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە