ئارام فەتحی چالاکی فەرهەنگیی کورد لە مەریوان دەستبەسەر کرا

١٧ سەرماوەز ٢٧١٦، ١٥:٥٣
هەنگاو:  چالاکێکی ناسراوی کورد لە شاری مەریوان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئێران لەو شارە دەستبەسەر کرا. بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی ‌هەنگاو"، ئارام فەتحی چالاکی فەرهەنگی و چالاکی خویندکاری زانکۆی پەیام نووری مەریوان  لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەر کراوە. سەرچاوەیەکی ئاگادار بە "هەنگاو"ی راگەیاند کە ئەو جالاکە کوردە کاتژمیر ٥:٣٠ ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ١٥ی سەرماوەز، لە نزیک ماڵی خۆیان دەستبەسەر کراوە. بەپێی هەمان سەرچاوە هێزە ئیتلاعاتییەکان دوای دەستبەسەر کردنی ئارام فەتحی هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و دەستیان داوەتە پشکنین و کۆمپیۆتەر و مۆبایل و کەرەستە تاکەکەسییەکانی ناوبراویان زەوت کردووە. سەرەڕای هەولەکانی بنەمالەی ئەو چالاکە کوردە هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەستبەسەر کران و هەروەها شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لەبەردەستدا نیە. ئارام فەتحی ئەندامی چالاکی ئەنجومەنی وێژەیی "مەولەوی" و "وەژین" لە بواری بەڕێوەبردنی خولی فێرکاری زمانی کوردی لە زانکۆکانی مەریوان و سنە بووە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە