کرماشان.. هاووڵاتییەکی کەنگاوەری لەسێدارە درا
١٧ سەرماوەز ٢٧١٦، ١٦:٠٢
هەنگاو: شەپۆلی نوێی لەسێدارەدانی هاووڵاتییان لە ئێراندا کوردستانیشی گرتووەتەوە و لەماوەی دوو ڕۆژی رابردوودا دوو هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ئەو وڵاتە لەسێدارە دراون.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، ڕۆژی سێشەممە ١٦ی سەرماوەز، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی دێزڵئاوای کرماشان جێبەجێ کرا.
هەواڵنێری "هەنگاو" ناسنامەی ئەو بەندکراوە کوردەی "عەلی ئەکبەر کەرەمی" خەڵکی کەنگاوەر ڕاگەیاندووە.
ئەو بەندکراوە کوردە ساڵی ٢٧١٣ی کوردی (١٣٩٢ی هەتاوی) کوڕەمامێکی خۆی کوشتبوو و لەلایەن هیزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیمی ئێرانەوە سزای "قەساس" یان سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
پێشتر ماڵپەڕی "هەنگاو" لەڕاپۆرتێکدا ناسنامەی ٢٠بەندکراوی کوردی مەحکووم بە سزای سیدارەی لەبەندیخانەی کرماشان بڵاو کردبووە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆش بەندکراوێکی دیکەی کورد بەناوی "عەلی جەهریق" لە بەندیخانەی ناوەندی سەڵماس لەسێدارە درا.