دەرهێنەرێکی کورد پاش نزیک بە ٢٠ ڕۆژ لەدەستبەسەرکران هەروا لە ژووری تاکەکەسییە
١٨ سەرماوەز ٢٧١٦، ١٣:٠١
هەنگاو: کەیوان کەریمی، دەرهێنەری کورد کە زیاتر لە دوو حەفتەیە دەستبەسەرکراوە، هەروا لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، کەیوان کەریمی، دەرهێنەری کورد پاش بانگکران بۆ گرتووخانەی ئێڤین، دەستبەسەر و تاوەکوو ئێستاش لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیراوە.
ڕاپۆرتی گەییشتوو باس لەوەدەکات کە ئەم دەرهێنەرە کوردە، سەرەتاکانی مانگی سەرماوەز لەلایەن یەکێک لە ناوەندەکانی بەڕێوەبردنی حوکمە سەپێندراوەکانی دەزگای قەزایی ڕژیم لە گرتووخانەی ئێڤین بانگهێشت و دەستبەسەر کراوە.
کەیوان کەریمی پاش زیاتر لە دوو حەفتە لە دەستبەسەرکران، هەروا لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیراوە و لە مافی پیاسەکردن لە حەوشەی زیندان و چاوپێکەوتن و ...هتد بێبەشە.
ئەم دەرهێنەرە کوردە، ساڵی ١٣٩٢ لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر و بە تاوانی دەرهێنانی فیلمێک لەژێر ناوی "نووسین لەسەر شار" بە٦ ساڵ زیندانی مەحکووم کرا.
ناوبراو پاش ١٢ ڕوژ داگیران لە ژوورێکی تاکەکەسیی گرتووخانەی ئێڤین بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو و دواتر ماوەی حوکمەکەی لەلایەن دادگای پێداچوونەوە بە یەک ساڵ زیندان و ٢٢٣ جار لێدانی قامچی کەم کرایەوە.