لە شیراز و مەشهەد دوو هاووڵاتی کورد لەسێدارە دران
١٨ سەرماوەز ٢٧١٦، ١٣:٣٤
هەنگاو: لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا ٤ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی سەڵماس، کەنگاوەر، قوچان و قەزوێن لە بەندیخانەکانی ئێران لەسیدارە دراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی سەرماوەز، سزای سێدارەی هاوولاتییەکی کوردی خەڵکی قەزوێن لە بەندیخانەی عادڵئاوای شاری شیراز بەڕێوە چوو.
هەواڵنێری "هەنگاو" ناسنامەی ئەو هاووڵاییە تەمەن ٣٦ ساڵەی "مێهدی شەمسی نیژاد" ڕاگەیاند کە رەشەممەی ٢٧١٥ (١٣٩٤ی هەتاوی ) بە تۆمەتی " تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان" لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیمی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی سەرماوەز، سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی قوچان بە ناوی " ع . م" لە بەندیخانەی وەکیڵ ئاوای مەشهەد بەڕێوە چوو.
ئەو بەندکراوە تەمەن ٢٩ ساڵە ساڵی ٢٧١٣ی کوردی (١٣٩٢ی هەتاوی) بە تۆمەتی "کوشتنی ئەنقەست" لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیمەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
جێگای ئاماژەیە کە ڕۆژانی ١٦ و ١٧ سەرماوەزیش سزای سێدارەی دوو هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی کرماشان و سەڵماس بەڕێوە چوبوو.