ژیان هەرزانترە لە نان/ کرێکارێکی دیکەی کورد گیانی لەدەستدا

٢١ سەرماوەز ٢٧١٦، ١٨:٠٦
هەنگاو: لەدرێژەی گیانلەدەستدانی کرێكارانی کورد بەهۆی ڕووداوی کارەوە، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد گیانی لەدەستدا. بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، ڕۆژی هەینی ١٩ی سەرماوەز، کرێکارێکی شارەوانیی بۆکان کە سەرقاڵی خاوێنکردنەوەی قەراخ شەقامەکانی شار بووە، تووشی ڕووداو هاتووە و گیانی لەدەستداوە. هەواڵنێری هەنگاو لە شاری بۆکانەوە، ناسنامەی ئەم کرێکارە کوردەی ئەحمەد مستەفاپوور و تەمەن 50 ساڵ ڕاگەیاند. کرێکارانی شارەداری لە ئێراندا هیچ گرینگییەکیان پێ نادرێت و ساڵانە بە دەیان ڕووداوی هاوشێوە لە سەرتاسەری ناوچە ژێردەسەڵاتەکانی ڕژیمی ئێران ڕوودەدەن و بە دەیان و سەدان کرێکاری شارەداری بەهۆی کەوتنەبەر ماشێن لە قەراخ شەقامەکان گیانیان لەدەست دەدەن. ڕووداوەکانی کار لە ئێران و نەبوونی ئیمەنیی لەسەر کاردا تەنیا تایبەت بە شارەداری نییە و هەموو کارگەکان و بیناکانی لەخۆ گرتووە و ساڵانە بە سەدان کرێکار بەهۆی ڕووداوی کار گیان لەدەست دەدەن یان دەکەونە ناو جێگا. لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا سێ کرێکاری دیکەی کورد لە شارەکانی سەقز، سرپێڵ زەهاو و تاران بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی و برقگرتوویی لە بینای نیمەکارە گیانیان لەدەست داوە. هەروەها ڕۆژانە کرێکۆڵانی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی دەکەونە بەر دەستڕێژی گولـلە و گیانیان لێ ئەستێندرێت.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە