شنۆ .. ئیتلاعات ٤ کەسی دەستبەسەر کرد
٢٢ سەرماوەز ٢٧١٦، ١٥:٤٨
هەنگاو: لەدرێژەی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیانی شاری شنۆ، ٤ هاووڵاتیی دیکە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، ڕۆژی شەممە ٢٠ی سەرماوەز، هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم هەڵیان کوتایە سەر گوندی "چەشمەگۆڵ"ی شاری شنۆ و ٤ کەسیان دەسبەسەر کردووە.
ماڵپەڕی "کوردپا" ناسنامەی ئەو ٤ هاووڵاتییە کوردەی شارام تایی تەمەن ٢٣ ساڵ و کوڕی ئیسماعیل، ئەهوەند پیرۆتی تەمەن ٢٥ ساڵ و کوڕی رەسووڵ، محەممەد تایی تەمەن ٤٠ ساڵ و کوڕی ڕەحمان و سەلیم تایی تەمەن ٥٠ ساڵ و کوڕی عەبدوڵڵا ڕاگەیاندووە.
هێزە ئیتڵاعاتییەکان وێڕای بێ ڕێزی کردن بەو ٤ کەسە و بە بێ هەبوونی مۆڵەتی قەزایی هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی ئەو ٤ کەسەوە و سەڕەڕای دەستبەسەر کردنیان دەستاین داوەتە پشکنینی ماڵەکانیان و هێندێک کەرەستەی تایبەتی ئەو کەسانەشیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو ٤ کەسە، هەتا ئێستا شوێنی ڕاگیرانی ئەو ٤ هاووڵاتییە کوردە ناڕوونە و هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسیان لە بەر دەستدا نیە.
هەواڵنیری "هەنگاو" لەشاری شنۆ ڕایگەیاند کە ئەو ٤ هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی شابازی "شەهیدانی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵی حیزبی دێمۆکرات لەشاری شنۆ" لە ڕێورەسمێکی بووک گواستنەوەدا دەستبەسەر کراون.