پێشگیری لە مەرەخەسی قەدریە قادری دوای مردنی باوکی
٢٢ سەرماوەز ٢٧١٦، ٢١:٠٨
هەنگاو:سەڕەڕایی مردنی باوکی زیندانیەکی سیاسی کورد،کاربەدەستانی ئیتلاعاتی ئورمیە و بەرپرسانی بەندیخانەی یاسووج ڕێگریی لە مافی مەرەخەسی ناوبراو دەکەن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری مافی مرۆڤی"هەنگاو"،داواکاری "قەدریە قادری" بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی یاسوج لەسەر ناردنی بۆ مەرەخەسی، بەبۆنەی فەوتی باوکی و هاوکات بۆ چارەسەری پزیشکی،لەلایەن دادگا و ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە وە رەت کرایەوە.
بەرپرسانی ناوەندی چاکسازی و بارهێنانی یاسوج بەم بەندکراوە کوردەی ڕاگەیاندووە کە بڕیاردەری کۆتایی سەبارەت بە پەروەندەکەی ئورمیەیە و سەرەرای ڕەزامەندی شۆرا و قازی بەندیخانە بۆ ناردن بە مەرەخەسی،بەڵام هەنوکە قەدریە لە مافی مەرەخەسی بێبەشە.
دادستانی ئورمیە بە ناردنی نامەیەک بۆ بەرپرسانی بەندیخانەی یاسوج،ڕایگەیاندووە کە دادستانی ئورمیە پێشگیری لە هەرچەشنە بەخشین و ناردن و مافی مەرەخەسیەک بۆ ئەم بەندکراوە کوردە دەکات.
قەدریە قادری تەمەن ٢٩ساڵ،مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٠لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی ڕێژیمی ئیران لە شاری ئورمیە دەستبەسەر و ماوەی ٢ مانگ لە ژوورە تاکەکەسیەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دا لە ژێر ئەشکەنجە و ئازار دا بووە.
ناوبراو بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی" و ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردیەکانی دژبەری ڕێژیم،بە ١٠ساڵ بەندکران سزا درا.ئەم سزایە لە دادگایی پێداچوونەوەدا بۆ ٧ساڵ و دورخرانەوە بۆ بەندیخانەی یاسوج گۆردرا.