هاووڵاتییەکی سەقزی لە مەراغە لەسێدارە درا

٢٢ سەرماوەز ٢٧١٦، ٢١:٥٠
هەنگاو:  بەندکراویکی خەڵکی سەقز بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی مەراغە لەسێدارە درا. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢ی سەرماوەز، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی شاری مەراغە بەڕێوە چوو. هەواڵنێری "هەنگاو" ناسنامەی ئەو بەندکراوە کوردەی "سڵێمان کاک ئەڵڵا نیژاد" تەمەن ٣٣ ساڵ کوڕی هاشم و خەڵکی سەقز راگەیاند. سڵێمان کاک ئەڵڵا نیژاد بەفرانباری ١٣٩١ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر و ڕەزبەری ١٣٩٢بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان لەلایەن دادگای شاری مەراغەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو باوکی کچێکی تەمەن ٤ ساڵانە و لەماوەی ٣ ساڵی ڕابردوودا بە بێ هەبوونی مافی مرەخەسی لە بەندیخانەی مەراغە ڕاگیراوە. بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ماڵپەڕی "هەنگاو" لەسەرەتای مانگی دێسامبرەوە سزای سێدارەی ٥ هاووڵاتیی کورد لەبەندیخانەکانی شیراز، مەشهەد، کرماشان، سەڵماس و مەراغە بەڕێوە چووە.    

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە