خۆکوژی دووەمین ژنی کامیارانی لەماوەی یەک حەفتەدا
٢٤ سەرماوەز ٢٧١٦، ١٥:٠٧
هەنگاو: لەدرێژەی خۆکوژیی ژنانی کورد لەماوەی حەفتەی رابردوودا دوو ژنی کامیارانی لەڕێگای خۆسووتاندنەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی سەرماوەز، ژنێکی لاوی خەڵکی کامیاران کە ئاگری لەجەستەی خۆی بەردابوو لەیەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارە گیانی لەدەست دا.
هەواڵنێری "هەنگاو" لەشاری کامیاران ناسنامەی ئەو ژنەی "شنۆ مارابی" کچی عەبدوڵڵا و تەمەن ٢٧ ساڵ ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو شنۆ مارابی نزیکەی مانگێک بەر لەئێستا و بەهۆی کێشە لەگەڵ هاوژینەکەی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو.
ڕۆژی شەممە ١٦ی سەرماوەزیش، ژنێکی دیکەی خەڵکی کامیاران بەناوی "نگین بید خام" کچی سەلام کە ٦ی سەرماوەز بە هۆی کێشە لەگەڵ هاوژینەکەی ئاگری لەجەستەی خۆی بەردابوو، لەیەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری کامیاران گیانی لە دەست دا.