سەردەشت.. تەقەی هێزەکانی ڕێژیم برینداربوونی جووتیاریکی کوردی لێکەوتەوە

٢٥ سەرماوەز ٢٧١٦، ١٤:٤٠
هەنگاو: لە یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی ئالانی سەردەشت تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم برینداربوونی جووتیارێکی کوردی لێکەوتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، ڕۆژی چوارشممە ٢٤ی سەرماوەز، هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم هەڵیان کوتایە سەر گوندی "تیتی خواروو"ی ناوچەی ئالانی سەردەشت و تەقەیان لە جووتیارێکی کورد کرد کە بووە هۆی برینداربوونی ئەو جووتیارە. هەواڵنێری "هەنگاو" لەشاری سەردەشت ناسنامەی ئەو جووتیارە کوردەی "سەردار خزرپووڕ" تەمەن ٤٤ ساڵ ڕاگەیاند کە لەکاتی کارکردن و لەنێو پارچە زەوییەکەی خۆیدا تەقەی لێکراوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ڕێژیم لەکاتی گواستنەوەی سەردار خزرپووڕ  بۆ نەخۆشخانە پێشیان پێگرتووە و کۆبوونەوەی و نارەزایەتی خەڵک ناچاریانی کردووە کە ئیزنی ڕەوانە کردنی ناوبراو بۆ سەردەشت بدەن. سەردار خزرپوور لەئێستادا لەیەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری سەردەشت لەژێر چاوەدێری پزیشکیدایە و بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار باری تەندروستی ناجێگیرە. بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، لەماوەی ٣ مانگی ڕابردوودا ٤ هاووڵاتیی مەدەنی کورد بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران کوژراون و ٥ کەسیش بریندار بوون.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە