دەستبەسەرکرانی سی هاووڵاتیی بۆکانی لەلایەن ئیتلاعاتەوە

٢٥ سەرماوەز ٢٧١٦، ١٧:٤٦
هەنگاو: دۆخی ئەمنی زاڵ بەسەر کوردستان دەستبەسەرکرانی ڕۆژانەی هاووڵاتیانی کوردی لێکەوتووەتەوە و تەنیا لەماوەی چەند ڕۆژی رابردوودا لانیکەم ١٠ هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر کراون. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، سەرەتای ئەم حەفتەیە سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی "قەرە گوڵ"ی شاری بۆکان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراون. هەواڵنێری "هەنگاو" لە بۆ کان ناسنامەی یەکێک لەو دەستبەسەر کراوانەی "هیوا قادری ئەقدەم" کوڕی ڕەحیم ڕاگەیاندووە. تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە ناسنامەی دوو دەستبەسەر کراوی دیکە بۆ "هەنگاو"  ڕوون نەبووەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو هێزە ئیتلاعاتییەکان وێڕای پشکنینی ماڵی ئەو سێ هاووڵاتییە  دەستیان بەسەر هێندیک لە کەرەستە تاکەکەسییەکانیان گرتووە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو سێ هاووڵاتییە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران" دەستبەسەر کراون. دەستبەسەر کرانی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە لە حاڵێکدایە کە کۆتاییەکانی رەزبەری ئەمساڵیش سێ برای خەڵکی ئەو گوندە (قەرەگوڵ) بەناوەکانی هێمن، حوسێن و سابر  حەمزەپوور لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون. حوسێن هێشتا دەستبەسەرە و هێمن وسابر دوای ٤٠ ڕۆژ و بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.      

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە