ئەگەری پەروەندەسازی بۆ پزیشکێکی کورد لەئارادایە

٢٥ سەرماوەز ٢٧١٦، ١٨:٥٨
هەنگاو: پزیشکێکی کوردی خەڵکی بانە کە لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە ڕاگیراوە هەڕەشەی پەروەندە سزای نوێی لێ کراوە. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا حەسەن دانشمەند پزیشکی تەمەن ٤١ ساڵی خەڵکی بانە کە زیاتر لە مانگێکە دەستبەسەر کراوە، هەڕەشەی پەروەندە سازی نوێی لەسەر بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان لێکراوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی باوڕپێکراو، بەرپرسی گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە خۆی بە تایبەت ئەو هەڕەشەیە لە دوکتۆر حەسەن دانشمەند کردووە. یەکێک لە نزیکانی دوکتۆر دانشمەند کە نەیویست ناوی ئاشکرا بێت بە "هەنگاو"ی ڕاگەیاند " لەو ڕووەوە کە پێشینەی وەها کردەوەگەلێک لە گرتووخانەی سنە هەیە، ئێمە ئەو هەڕەشەیەمان بە جیدی وەرگرتووە و داوا لە هەموو ناوەندەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە دەنگی دوکتۆر "حەسەن دانشمەند" بگەیەننە ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان." دوکتۆر حەسەنی دانشمەند خەزەڵوەری ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لەشاری تاران دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە گوێزرایەوە. حوسێن دانشمەند برای ناوبراو، خەرمانانی ئەمساڵ لە مەریوان دەستبەسەر و ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی سەرماوەز بە دانانی بامرتەی ١ملیارد و ٥٠ میلیۆنی ئازداد کرابوو. ئەو دوو برا کورد ەبە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ریژیمی ئێران دەستبەسەر کراون.  

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە