تەمبێی زیندانیانی گرتووخانەی سنە بە ڕاگرتن لەبەر سەرمای سەرماوەز

٢٦ سەرماوەز ٢٧١٦، ٢٢:٤٤
هەنگاو: بەرپرسانی گرتووخانەی ناوەندیی سنە، بەمەبەستی تەمبێی زیندانییان بە جلی ژێرەوە لە بەر سەرما ڕایاندەگرن. بەپێی هەواڵی گەییشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، لەم ڕۆژانەی دواییدا و بە دابەزینی بەرچاوی پلەی گەرما، بەرپرسانی گرتووخانەی ناوەندیی سنە زیندانییانی ئەو گرتووخانەیەیان بە جلی ژێرەوە لەبەر سەرما ڕاگرتووە و وتوویانە بەم شێوەیە تەمبێتان دەکەین. ئەم زیندانییانە لەو چەند ڕۆژەدا لە دوو نەوبەتدا هەر جارەو دوو کاتژمێر لەبەر سەرما ڕاگیراون. زانیارییەکانی هەنگاو باس لەوەدەکەن کە بیانووی بەرپرسانی ڕژیم لە گرتووخانەی سنە بۆ ئەم کردەوە، هەناردنەدەرەوەی هەواڵی ناو گرتووخانە بۆ دەرەوە ڕاگەیەندراوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو چەندین هەواڵی لەسەر گرتووخانەی سنە بڵاو کردبوونەوە. بەرپرسانی ڕژیم ڕایانگەیاندووە تاوەکوو هەواڵەکان بۆ دەرەوەی گرتووخانە بنێردرێن، تەمبێ درێژەی دەبێت. گرتووخانەی سنە ١٠بەندی هەیە و هەر ژوورێک زیاتر لە ٢٠تاوەکوو ٢٥ زیندانیی تێدایە و کۆمەڵێکی زۆریش تەختی نووستنیان نییە و ناچارن لە بان زەویی و لە ناو ڕێگا و ساڵۆن و ...هتددا بخەون. هەروەها لەم گرتووخانەدا زیندانییان بە تاوان و تۆمەتە جۆراوجۆرەکان تێکەڵن و جیا نەکراونەتەوە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە