ئەشکەنجەی هۆڤانەی لاوێکی سەقزی لە زیندانی ئیتلاعات

٢٦ سەرماوەز ٢٧١٦، ٢٢:٥١
 هەنگاو: لاوێکی کوردی خەڵکی شاری سەقز، بەهۆی خاڵکووبیی وێنەی یەکێک لە رێبەرانی کوردەوە، لەلایەن ئیتلاعاتی رێژیمی ئێرانەوە هەتا سەرە مەرگ ئەشکەنجە دراوە. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، لاویكی تەمەن ١٧ ساڵەی خەڵکی سەقز کە وێنەیەکی دوکتۆر قاسملووی لەسەر ملی خاڵکووبی کردبوو، پاش ١٠ رۆژ ئەشکەنجە بە نیوە گیانی رادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە. تەها هەمزەیی، تەمەن ١٧ ساڵ، کە لە شاری سەقز شاگردی سافکاری بووە، رێکەوتی ١٤ی سەرماوەز لە کاتی کار کردن لە دووکان لەلایەن ‌هێزە لیباس شەخسییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو. بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، رۆژی چوارشەممە یەکێک لە بەرپرسانی ئیتلاعاتی سەقز بە باوکی تەها هەمزەیی راگەیاندووە: " تەها هەندێک تەمبێ کراوه کە ببێتە وانەیەک بۆ خەلکانی دیکە". یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی هەمزەیی رایگەیاندووە: "هەنووکە تەها بەهۆی ئازار و ئەشکەنجەی هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە زۆربەی ئەندامانی لەشی رەوش بوونەتەوە و توانای جوڵە کردنی نییە. پێشتر ژمارەیەک لە چالاکانی کورد وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆیان، لەمەڕ ئەشکەنجەدانی لەڕادەبەدەری ئەو مێرمنداڵە، ناڕەزایەتیی خۆیان لەمەڕ دەستبەسەر کردنی ئەو لاوە کوردە دەربڕیبوو.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە