لەسێدارە دانی لاوێکی سەقزی لە کەرەج
٢٧ سەرماوەز ٢٧١٦، ٠٣:٢٦
هەنگاو: لاوێکی کوردی خەڵکی سەقز لە کەرەج لەسێدارە درا و بە ئەژمارکردنی ئەم حاڵەتە لەماوەی دوو حەوتووی رابردوودا ٧ هاووڵاتیی کورد لە گرتووخانەکانی ئیران لەسێدارە دراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو" ، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی سەرماوەز، ٥ هاووڵاتی لە بەندیخانەی کەرەج لەسێدارە دراون کە کەسێکیان کورد بووە.
هەواڵنێری "هەنگاو" لەشاری سەقز ناسنامەی ئەو هاووڵاتیە کوردەی "سەعید فەرامەرزی" تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی سەقز ڕاگەیاند.
ئەو لاوە کوردە بە تۆمەتی "بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان" لە لایەن دادگای ڕێژیمەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو .
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، لەماوەی دوو حەوتووی رابردوودا لەسێدارەدانی ٧ هاووڵاتیی کورد لە گرتووخانەکانی ئێران تۆمار کراوە.