دەستبەسەرکرانی ٧ کەس لە بۆکان + ناسنامە
٢٧ سەرماوەز ٢٧١٦، ١٤:٤٩
هەنگاو: شەپۆلی دەستبەسەرکردنی بە گۆترەی هاووڵاتیان لە کوردستان درێژەی هەیە و تەنیا لەماوەی حەوتووی رابردوودا ٧ هاووڵاتیی بۆکانی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی سەرماوەز، هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە بەخشی سیمینەی شاری بۆکان حەوت هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر کرد.
هەواڵنێری "هەنگاو" ناسنامەی سێ کەس لەو دەستبەسەر کراوانەی "هیوا قادری ئەقدەم" کوڕی رەحیم، "محەممەد ئەلیاسی" و "ئیبراهیم ئەمجەدەی راگەیاندووە.
ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە خەڵکی گوندی "قەرەگوڵ"ی شاری بۆکانن.
هەواڵنێری "هەنگاو" لە شاری بۆکان رایگەیاند کە ئەو هاووڵاتیانە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران" دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو هێزە ئیتلاعاتییەکان وێڕای پشکنینی ماڵی ئەو هاووڵاتیە کوردانە دەستیان بەسەر هێندیک لە کەرەستە تاکەکەسییەکانیان گرتووە.
سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوام، هەتا ئێستا ناسنامەی ٤ دەستبەسەرکراوی دیکە کە لە دانیشوانی گوندەکانی دەورووبەری قەرەگوڵن بۆ "هەنگاو" ڕوون نەبووەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو کەسانە دوای دەستبەسەر کران ڕەوانەی گرتووخانەی ناوەندیی ئورمیە کراون و هەتا ئێستاش لەوێ راگیراون.