دۆخی جەستەیی زیندانییەکی سیاسیی کورد پاش ١٦ ڕۆژ لە مانگرتن، ناجێگیرە

٢٨ سەرماوەز ٢٧١٦، ١٦:٣٠
هەنگاو: بەهۆی ناجێگیربوونی دۆخی جەستەیی بەندکراوێکی سیاسیی کورد، پزیشکی گرتووخانەی ئورمیە سەردانی ژووری تاکەکەسیی ناوبراوی کرد. بەپێی هەواڵی گەییشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، دۆخی جەستەیی حەسەن ڕەستگاری مەجد، زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ئورمیە، ناجێگیر ڕاگەیەندراوە. هەنگاو پێشتر بڵاوی کردبووە کە ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە کە خوازیاری پێداچوونەوە بە حوکمەکەیە، ڕێکەوتی ١٥ی سەرماوەز لە سێهەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیدا لەگەڵ بەرپرسانی گرتووخانە کۆ ببووە. ئەم ڕاپۆرتە باس لەوەدەکات کە بەرپرسانی زیندان بەڵێنیان دابوو کە سکاڵای گرتووخانە و یەکێک لە بەندکراوەکانی دیکە لە دژی ئەم زیندانییە سیاسییە وەربگرنەوە بەو مەرجە کە کۆتایی بە مانگرتنەکەی بهێنێت. حەسەن ڕەستگاری مەجد، ئەم بەڵێنەی بەرپرسانی گرتووخانەی قبووڵ نەکرد و لە سێهەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیدا بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرابووە. ناوبراو خوازیاری پێداچوونەوە بە ماوەی ١٥ساڵەی حوکمەکەیە و هەروەها لە ناڕەزایەتی بە پەروەندەسازیی نوێ لە ڕۆژی شەممە ١٣ی سەرماوەزەوە دەستی داوەتە مانگرتن.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە