ناڕوونی چارەنووسی ئەندازیارێکی کورد پاش دوو حەوتوو / دەستبەسەردا گرتنی کارتی بانکیی هەموو ئەندامانی بنەماڵە
٢٨ سەرماوەز ٢٧١٦، ١٨:٠٤
هەنگاو: دوای دوو حەوتوو لە دەستبەسەر کرانی ئەندازیارێکی خەڵکی قوروە هیچ هەواڵێک لەمەڕ چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نیە.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، چارەنووسی ئەندازیار سابیر نادری کە ڕۆژی شەممە ١٥ی سەرماوەز لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری قوروەوە دەستبەسەر کرابوو، هێشتا ناڕوونە.
یەکێک لە نزیکانی سابیر نادری بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە لەماوەی دوو حەفتەی رابردوودا بنەماڵەکەی چەندین جار سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی قوروە و سنەیان کردووە، بڵام هەوڵەکانیان لەمەڕ ئاگادار بوون لە دۆخی ڕۆڵەکەیان بێ ئاکام ماوەتەوە.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعاتی قوروە بە بنەماڵەی ناادرییان راگەیاندووە کە ناوبراو لەم شارەدا نیە و ئێوە دەتوانن لەڕێگای ناوەندی پارێزگاوە بەدواداچوون بۆ دۆخی کوڕەکەتان بکەن.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە دادگای شۆڕش و ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بە بنەماەی نادرییان ڕاگەیاندووە کە وڵامی ئێوە تەنیا چاوەڕوانییە و باشتر وایە کیشە بۆ ناوەندە ئەمنیەتییەکان دروست نەکەن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە "هەنگاو"ی راگەیاند کە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی قوروە دەفتەرچە و کارتی بانکیی هەموو ئەندامانی بنەماڵەی سابیر نادرییان زەوت کردووە و ئەو بنەماڵەیە لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەمەبەستی دابین کردنی پێداویستی رۆژانە و بژێوی ژیانیان ناچار بوون کە لە دۆستان و ئاشنایانی خۆیان پارە قەرز بکەن.
سابیر نادری ئەندازیاری کۆمپیۆتەر و بەرپرسی کۆمپانیای " شهیر نرم افزار پویا" لە ساری قوروەیە.